AP ١٤٠٥ ڕەزبەر ٢٧ ١٦:٣١

شەڕی بێ بڕانەوە لەگەڵ ئێران؛ پاتریۆتەکانی ئەمریکا لە کوێن ؟

شەڕی بێ بڕانەوە لەگەڵ ئێران؛ پاتریۆتەکانی ئەمریکا لە کوێن ؟

یەکێک لە گرنگترین لێکەوتە ستراتیژییەکانی کەمبوونەوەی پاشەکەوتی تەقەمەنیی ئەمەریکا، پەیوەندییەتی بە رکابەریی نێوان واشنتن و پەکینەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: شەڕی حەوت مانگەی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، بە پێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە کراون، فشارێکی بەرچاوی خستووەتە سەر پاشەکەوتی چەک وچۆڵی واشنتۆن؛ فشارێک کە لێکەوتەکانی ڕەنگە تا چەندین ساڵ دوای کۆتایی هاتنی ململانێکەش بەردەوام بن.

مەسەلەکە تەنها ئەو مووشەکانە نییە کە سوپای ئەمەریکا لە مەیدانی جەنگدا بەکاری هێناون، بەڵکوو ئەو کاتەیە کە بۆ جێگرەوەکەیان پێویستە؛ کاتێک کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر توانای واشنتن هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئەگەری لە ناوچەکانی تردا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تەرخانکراو بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتیی ئەمەریکا، واشنتن لە ماوەی حەوت مانگ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا، نزیکەی هێندەی ١٩ ساڵ لە کڕینی مووشەکی پاتریۆت، لەو مووشەکە ڕێگرە کەڵکی وەرگرتووە.

لە هەمان هەڵسەنگاندندا، گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووشەکیی ئەمەریکا بۆ ئاستی پێش شەڕ، بە کەمترین ماوە سێ ساڵ کات دەبرێت . ئەم ژمارانە نیشاندەری ئەو کەلێنەن لەنێوان خێرایی بەکاربردنی تەقەمەنی لە ململانێیەکی تونددا و توانای پیشەسازی بەرگریی ئەمەریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی.

گرنگی ئەم مەسەلەیە کاتێک زیاتر دەبێت کە بزانین هێزی سەربازی تەنها بە ژمارەی فڕۆکەکان، کەشتییە جەنگییەکان یان سیستەمە پێشکەوتووەکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت.

توانای پاراستنی ئۆپەراسیۆنەکان لە ململانێیەکی درێژخایەن و جێگرەوەی خێرای کەرەستە بەکاربراوەکان یەکێکە لە هۆکارە یەکلاکەرەوەکان. سوپایەک ڕەنگە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و هێزێکی گەورەی ئاگرین بێت، بەڵام ئەگەر پاشەکەوتی تەقەمەنییەکەی بە خێراییەک کەم بکاتەوە کە لە توانای بەرهەمهێنان زیاتر بێت، ئەوا بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکان ڕووبەڕووی سنووردارێتی جدی‌تر دەبێتەوە.

پاتریۆت؛ ئەڵقەی گرنگی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکا

سیستەمی پاتریۆت یەکێکە لە کەرەستە گرنگەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک فڕۆکە و هەڕەشە مووشەکییەکان بەکار دێت. مووشەکە ڕێگرەکانی ئەم سیستەمە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی هێزەکان، بنکەکان و دامەزراوە سەربازییەکاندا.

بەکاربردنی بەرفراوانی ئەم مووشەکانە دەکرێت فەرماندەکان ناچار بکات سەبارەت بە چۆنییەتی دابەشکردنی تەقەمەنی، لەپێشینەدان بۆ بەرگری لە ئامانجەکان و ڕادەی قبووڵکردنی مەترسی، بڕیاری قورستر بدەن.

قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمبوونەوەیەی پاشەکەوتەش بە سادەیی زیادکردنی داواکارییەکانی دەوڵەت نییە. بەرهەمهێنانی مووشەکی پێشکەوتوو پشت بە پارچەی تایبەتمەند، هێزی کاری لێهاتوو و توانا پیشەسازییەکان دەبەستێت.

گەشەپێدانی هێڵەکانی بەرهەمهێنان و زیادکردنی خێرایی گەیاندن، پرۆسەیەکی کاتبەرە و ناکرێت چاوەڕوان بیت زیادبوونی داواکاری خێرا ببێتە هۆی زیادبوونی گونجاوی خستنەڕوو.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تەنانەت دوای کەمبوونەوەی توندیی ململانێکەش، فشار لەسەر سوپای ئەمەریکا دەکرێت بەردەوام بێت.

واشنتن دەبێت هاوکات پێداویستییەکانی هێزە جێگیرکراوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین بکات، پابەندبوونەکانی خۆی لە ئەورووپا بپارێزێت و بۆ قەیرانی ئەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئامادەیی هەبێت. هەرچەندە دووبارە بنیادنانەوەی پاشەکەوتەکان کاتی زیاتری بوێت، بەڕێوەبردنی ئەم پابەندبوونانە قورستر دەبێت.

دۆخی پڕمەترسی بۆ واشنتن و دەرفەتی ئەگەریی چین

یەکێک لە گرنگترین لێکەوتە ستراتیژییەکانی کەمبوونەوەی پاشەکەوتی تەقەمەنیی ئەمەریکا، پەیوەندییەتی بە رکابەریی نێوان واشنتن و پەکینەوە. چین وەک گرنگترین رکابەری ستراتیژیی ئەمەریکا ئەژمار دەکرێت و هەرچەشنە ململانێیەکی ئەگەری لە ناوچەی هیند و ئارام دەکرێت پێویستی بە بەکاربردنی بەرفراوانی تەقەمەنی ورد و سیستەمەکانی بەرگری هەبێت.

لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا، کەمبوونەوەی پاشەکەوتی ڕێگرەکان دەکرێت پلانڕێژیی سەربازیی ئەمەریکا ئاڵۆزتر بکات.

واشنتۆن ناچار دەبێت لەنێوان دابینکردنی پێداویستییە بەردەوامەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی ئامادەیی بۆ قەیرانی ئەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هاوسەنگی دروست بکات.

ئەم دۆخە ڕەنگە هەمان ئەو شتە بێت کە شیکاران ناوی دەبەن کونی لاوازیی؛ ئەو سەردەمەی کە تێیدا قەرەبووکردنەوەی تەقەمەنییە بەکاربراوەکان هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام پێداویستییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی تریشدا هەر ماون.

بێگومان ئەم بارودۆخە بە مانای سەرکەوتنی یەکجاریی چین یان بێتوانایی ئەمەریکا لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی نییە. هێزی سەربازیی واشنتن سنووردار نییە بە مووشەکە پاتریۆتەکان و ئەم وڵاتە هێشتا کەشتی دەریایی، هێزی ئاسمانی، تۆڕی بنکەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەندا، قووڵایی پاشەکەوت و خێرایی جێگرتنەوەی تەقەمەنی دەکرێت هێندەی تەکنەلۆژیا و کوالێتی چەکوچۆڵ گرنگی هەبێت.

تێچوویەک لە دەرەوەی مەیدانی جەنگ

لێکەوتەکانی ئەم دۆخە بۆ سەر سوپای ئەمەریکاش سنووردار نین. هاوپەیمانانی واشنتن کە بۆ بەرگری ئاسمانی پشت بە سیستەم و تەقەمەنییەکانی ئەمەریکا دەبەستن، لە ئەگەری زیادبوونی داواکارییەکاندا ڕەنگە ڕووبەڕووی دواکەوتن لە گەیاندنی داواکارییەکانیان ببنەوە. لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا، دەوڵەتی ئەمەریکا دەبێت لەنێوان پێداویستییەکانی هێزەکانی خۆی و داواکارییەکانی هاوبەشە ئەمنییەکانیدا لەپێشینەدیاری بکات؛ بڕیارێک کە دەکرێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکان و هاوکێشە ئەمنییەکانی هاوپەیمانان هەبێت.

بۆ ئێرانیش ئەم بابەتە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە؛ چونکە دەریدەخات هەڵسەنگاندنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی نابێت تەنها لەسەر بنەمای ژمارەی جیهازات یان توانای ئاگری هەردوولا ئەنجام بدرێت. توانای بەرگەگرتنی فشار، بەردەوامیی ئۆپەراسیۆن و تێچووی جێگرتنەوەی چەکەکان ڕۆڵیان لە دیاریکردنی ڕێڕەوی پێکدادانێکدا هەیە. بگومان کەمبوونەوەی پاشەکەوتی ڕێگرە مووشەکییەکانی ئەمەریکا بەتەنها بۆ سەلماندنی شکستێکی سەربازیی ئەم وڵاتە بەس نییە و دەبێت لە پاڵ ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆن و ڕادەی هاتنەدیی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی هەردوولادا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

لە کۆتاییدا، بەکارهێنانی بەرفراوانی مووشەکەکانی جۆری پاتریۆت و کاتی دووبارە دروستکردنەوەی پاشەکەوتەکانی ئەمەریکا، بریتی دەبێت لە سنوورداربوونی ئەگەریی ئازادیی کردەی ستراتیژیی واشنتۆن لە ماوەی دوای پێکدادانەکەدا.

شەڕ ڕەنگە لە مەیداندا کۆتایی پێبێت، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر پاشەکەوتی چەک و ئامادەیی سەربازی بۆ چەندین ساڵ دەمێننەوە؛ پرسێک کە تێچووی ڕاستەقینەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن دەباتە دەرەوەی سنووری ڕۆژانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی.

News ID 60637

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha